Add parallel Print Page Options

14 کاتێک شەونمە کەوتووەکەش بەرزبووەوە، بینییان وا لەسەر ڕووی چۆڵەوانییەکە شتێکی وردی وەک توێکڵ، ورد وەک زوقم لەسەر زەوییەکەیە. 15 کاتێک نەوەی ئیسرائیل ئەمەیان بینی بە یەکتریان گوت: «ئەوە چییە؟» چونکە نەیاندەزانی چییە.

موساش پێی گوتن: «ئەوە ئەو نانەیە کە یەزدان بە ئێوەی داوە بۆ ئەوەی بیخۆن. 16 ئەمە ئەو شتەیە کە یەزدان فەرمانی کردووە: ”با هەریەکە و بەگوێرەی خواردنی لێی هەڵبگرێتەوە، ئۆمرێک[a] بۆ هەر یەکێک بەگوێرەی ژمارەی کەسەکان هەریەکە بۆ ئەوانەی لە چادرەکەی ئەون دەیباتەوە.“»

17 نەوەی ئیسرائیلیش بەم جۆرەیان کرد و زۆر و کەم هەڵیانگرتەوە. 18 بەڵام کاتێک بە ئۆمر پێوایان، نە ئەوەی زۆری کۆکردووەتەوە زیادی کردووە و نە ئەوەی کەمی کۆکردووەتەوە کەمی کردووە، هەریەکە و بەگوێرەی خواردنی هەڵیگرتەوە.

19 موسا پێی گوتن: «هیچ کەس لێی نەمێنێتەوە بۆ بەیانی.»

20 بەڵام گوێیان لە موسا نەگرت، بەڵکو هەندێک خەڵک لێیان هێشتەوە بۆ بەیانی، جا کرم لێیدا و کەڕووی کرد، موساش لێیان تووڕە بوو.

21 ئیتر هەموو بەیانییەک هەڵیاندەگرتەوە، هەرکەسە بەگوێرەی خواردنی، کە خۆریش گەرم دادەهات دەتوایەوە. 22 ئەوە بوو لە ڕۆژی شەشەمدا دوو ئەوەندە نانیان هەڵگرتەوە، دوو ئۆمر[b] بۆ هەر یەکێک، ئیتر هەموو ڕابەرەکانی کۆمەڵ هاتن و بە موسایان ڕاگەیاند. 23 ئەویش پێی گوتن: «ئەمە ئەوەیە کە یەزدان فەرموویەتی: ”بەیانی پشوودانە[c]، شەممەی پیرۆزە بۆ یەزدان، ئەوەی دەیکەن بە نان بیکەن و ئەوەی لێی دەنێن لێی بنێن، هەرچی دەمێنێتەوەش لەلای خۆتانی دابنێن هەتا بۆ بەیانی هەڵبگیردرێت.“»

24 جا دایاننا بۆ بەیانی هەروەک موسا فەرمانی دا، ئیتر نە کەڕووی کرد و نە کرم تێدا پەیدابوو. 25 موسا گوتی: «ئەمڕۆ بیخۆن، چونکە ئەمڕۆ شەممەیە بۆ یەزدان، لە دەشتودەر نایدۆزنەوە. 26 شەش ڕۆژ هەڵیدەگرنەوە، بەڵام لە ڕۆژی حەوتەم شەممەیە و تێیدا نییە.»

27 ئەوە بوو لە ڕۆژی حەوتەم هەندێک لە خەڵکەکە چوونە دەرەوە بۆ ئەوەی هەڵیبگرنەوە، بەڵام نەیاندۆزییەوە. 28 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «هەتا کەی ئێوە ڕەتی دەکەنەوە فەرمان و فێرکردنەکەم بپارێزن؟ 29 بڕوانن، یەزدان شەممەی پێداون، بۆیە لە ڕۆژی شەشەمدا نانی دوو ڕۆژتان پێدەدات، با هەریەکە لە شوێنی خۆی دابنیشێت، با کەس لە ڕۆژی حەوتەم شوێنی خۆی بەجێنەهێڵێت.» 30 ئیتر گەل لە ڕۆژی حەوتەم پشوویان دا.

31 بنەماڵەی ئیسرائیلیش ناویان لە نانەکە نا مەن[d]. وەک تۆوی گژنیژ سپییە و تامیشی وەک ناسکە نانی[e] بە هەنگوینە.

Read full chapter

Footnotes

  1. 16‏:16 ئۆمر: نزیکەی 2,2 لیتر.‏
  2. 16‏:22 دوو ئۆمر: نزیکەی چوار لیتر و نیو.‏
  3. 16‏:23 هۆی ئەم ئاهەنگگێڕانە لەوەوە دێت کە خودا هەموو شتێکی لە شەش ڕۆژدا بەدیهێنا و لە ڕۆژی حەوتەم پشووی دا، بۆیە ئاهەنگگێڕانە بۆ پشوودان و پیرۆزی. ئەو وشەیەی لە زمانی عیبری بۆ پشوودان بەکارهێنراوە وشەی (شەبات)ـە، بەڵام ئەمە واناگەیەنێت کە ڕۆژی پشوودانەکە ڕۆژی شەممە بووبێت. بڕوانە پەیدابوون 2‏:3‏‏.‏
  4. 16‏:31 مەن‏ واتە «ئەمە چییە؟» بڕوانە ئایەتی 15.‏
  5. 16‏:31 ناوەشکێنە.‏